لوقمان و زانیار مرادی، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکوم بە ئێعدام لە حاڵێکدا هەشت ساڵ لە بەندکرانیان تێدەپەڕێ، هێشتا دوابڕیار لەسەر پەروەندەکەیان یەکلا نەبۆتەوە و مەترسیی لەداردانیان لە سەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، لە دوو ساڵ و نیو لەوە پێشەوە هیچ هەوڵێک بۆ دادگای پێداچوونەوە بە پەروەندەی ئەو دوو زیندانییە نەدراوە تا بارودۆخیان بە یەکجاری یەکلا بێتەوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەوان لە گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری مرادییەکان داوای کردبوو کە سێ شایەت کە بێ تاوانیی ئەو دوو کەسە دەسەلمێنن بانگ بکرێنە دادگا، بەڵام قازیی پەروەندەکە بە بیانووی تەکمیلنەبوونی پەروەندەکە، کۆبوونەوەی دادگای خستە دواوە. ئەو پەروەندەیە تا ئێستا سێ جار بۆ تەکمیلکرانی بەڕێی مەریوان کراوە، بەڵام بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بەرێی تاران کراوەتەوە.
زانیار مرادی و لوقمان مرادی لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەسبەسەر کران. ئەوان لە بەفرانباری هەمان ساڵدا بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خودا لەرێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری ئیسلامی” و ” دەستتێداهەبوون لە کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوان” کە مانگێک پێش لە گیرانی ئەو دوو ئامۆزایە کوژرابوو، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپا.
ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا و دیوانی بەرزی وڵاتیش پشتڕاست کرایەوە و ئێستا زانیار و لوقمان مرادی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە ژێر پەتی سێدارە دان.