هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس ڕاپۆرتێكی لەسەر بنەمای لێکدانەوەی مافناسان و مێژوو نووسان و دیپلۆماتەکان ئامادە كردوە و ئەم ئاکامگیرییە دەکا کە پێدانی ٤٠٠ میلیۆن پووڵی نەغد بە ئێران لە مێژووی ئامریكادا نموونەی نەبووە.
ئەوەش کە ئێران هەر دوابەدوای وەرگرتنی ئەو پووڵە مەلەوانە بە بارمتە گیراوەکانی ئامریكای ئازاد كرد، لە نێوخۆی ئەمریکا هەڵڵای نایەوە.
جاش ئێرنێست، سكرتێری ڕاگەیاندنی كۆشكی سپی چەند ڕۆژ لەوە پێش گوتی كە كاروباری گواستنەوە و دانەوەی ئەم پووڵە بە ئێران زۆر ئاسایی بووە، بەڵام ئێستا هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپریس بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە نائاساییبوونی ئەم پێدانە ئاشكرا دەكا.
دەفتەری کاروباری مێژوویی خودی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكاش حاشا لەوە ناکا کە بابەتێكی لەم شێوەیە كە ئەمریکا پووڵی نەغدی بە وڵاتێک دابێ لە سەد ساڵی ڕابردوودا نموونەی نەبیندراوە.
باراك ئۆباما سەرۆک كۆماری ئامریكا چەند حەوتوو لەوەپێش پێداگریی كردەوە كە پێدانی پارەی نەغد تەنیا لەبەر ئەمە بووە كە ئێران و ئامریكا پێوەندیی بانكییان نییە و هەر بۆیە بەكارهێنانی چەك یان گواستنەوە لە ڕێگەی بانكەوە مومكین نەبووە.
دەوڵەتی ئەمریکا دەڵێ ئەم ٤٠٠ میلیۆن دۆلارە لە ڕاستیدا بەشێک ئەم پارەیە بووە كە ئێران لە دەیەی ١٩٧٠ بۆ کڕینی چەک و چۆڵ و کەرستەی نیزامی بە ئامریكای دابوو، بەڵام پاش شوڕشی گەلانی ئێران و قەیرانی بارمتەگیری ئەم سەودایە تێكچوو.
ئێران هەر لەو کاتەوە داوای پێدانی ئەم پووڵە لەگەڵ سوودەكەی دەکرد و ٧ مانگ لەوەپێش ڕاگەیەندرا كە دوو لایەن لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئێران بە یەك میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن دۆلار ڕێك كەوتوون و ئەمریکا دەڵێ ئەم بڕە پووڵەی بە چەند بەش داوەتەوە بە ئێران.