ڕێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ كە مەقەڕەكەی لە بریتانیایە، دەڵێ بەهۆی هێرشی ئاسمانیی توركیە بۆ سەر خاكی سووریە لانیكەم٣٥ كەس خەڵكی مەدەنی کوژراون.
ڕێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریە دەڵێ ڕۆژی ڕابردوو لانیكەم ٣٥ كەسی مەدەنی و بێچەک لە باكووری سووریە کوژراون. ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێ لە پەلامار بۆ سەر ئاوایی ئەلكوسا ٢٠ كەس كوژران و هەروەها ٥٠ كەسیش بریندار بوون. هەروەها لە هێرشێكی دیكەی هێزە ئاسمانیی توركیە لە نزیك شاری عەمارنە ١٥ كەسی دیكە كوژران و ٢٠ کەسی دیكەش بریندار بوون.
گرووپی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریە دەڵێ هاویشتنی دوو بۆمبی بۆشكەیی لە ڕێوڕەسمێكی بەخاكسپاردنی كۆمەڵێك لە كوژراوانی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب بە هۆی فڕۆكەكانی دەوڵەتی سووریەوە لانیكەم ٢٣ کەسی دیکەش کوژران.
هاوکات ئێستفان دێمیستورا، نێردراوی تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سووریە لە وەها بارودۆخێکدا داوای لە لایەنەكانی شەڕ كرد كە بۆ ماوەی شەو و رؤژێک شەڕ لە شاری حەلەب ڕابگرن تا ئەوان بتوانن یارمەتیی برینداران و لێقەوماوانی ئەو شەڕە بدەن.