لە دوو شاری ئیلام و کرماشان چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەڕێوەچوون.
گڕووپێک لە مامۆستایانی حەقولتەدریسی قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری ئیلام کە ماوەی ٨ مانگە مووچەیان نەدراوەتێ، لە شوێنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن لە شەقامی وەلیعەسر کۆبوونەوە و داوای مافەکانیان کرد.
گڕووپێک لە کاسبکارانی بەشی ڕستن و چنینی ئیلامیش بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئەو ماڵیاتە قورسەی لە بارودۆخی ئێستای بازاڕدا بەسەریاندا سەپاوە، لە شوێنی ئیدارەی ماڵیات لە شەقامی سدووقی کۆبوونەوە.
ئەوان داوایان کرد ماڵیاتەکانیان لەسەر هەڵگیرێ، یان لە سەریان کەم بکرێتەوە.
بەشێک لە کرێکاران و کارمەندەکانی شیرکەتی ” ئارسی جێدار ایستا” کە لە بواری بەرهەمهێنانی دەرگا و پەنجەرەدا کار دەکا، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێنەدانی مافەکانیان کۆبوونەوە.
ئەوان دەڵێن ماوەی ٥ مانگە مووچە و ئیزافەکارییەکانیان یان نەدراوەتێ، جیا لەوەی حەقی بیمەشیان تێ نەکراوە.
بەشێک لە دایک و باوکان لە کرماشانیش بۆ ناڕەزایەتیدەربرین بە ئەستاندنی زۆرەملێی ١٠٠ تا ١٥٠ هەزار تمەن بۆ ناونووسیی منداڵەکانیان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن کۆبوونەوە.
ئەوان دەڵێن بە پێی قانوون دەوڵەت نابێ خەرجی خوێندنی منداڵان لە بنەماڵەکانیان وەرگرێ و ئەوان ناتوانن لە بارودۆخی ئێستادا ئەو بڕە پووڵە بدەن.