بەندكراوێكی سیاسیی كوردی مەحكوم بە زیندانی هەتاهەتایە لە بەندیخانەی سەڵماس دایە و بارودۆخی جهستهیی و ڕووحیی نالهباره.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ لە كوردستان، سابیر مامەدی لە دادگای شاری سەڵماس حوكمی زیندانی هەتاهەتایەی بەسەردا سەپا و پاشان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە گواسترایەوە.
ئەم بەندكراوە كوردە، سەبارەت به ئازار و ئەشكەنجەدانی شكایەتی له بهرپرسانی ئیدارهی ئیتلاعات کردوه و هەموو ئەم تۆمەتانەی خستوویانهیه پاڵی حاشای لێکردوه، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكی وەرنەگرتۆتەوە. ههروهها لە كاتی دادگایی كردنیدا بە تەواوی ئیزن نهدراوه پارێزەرەكەی بەرگریی لێ بكا و هۆكاری سەرەكییەكەشی فشاری ئیدارهی ئیتلاعات بۆسهر دەزگای قەزایی بووه.
سابیر مامەدی تەمەن ٤١ ساڵ، كوڕی ئەسعەد خەڵكی ئاوایی دریك سەر بە شاری سەڵماس و ئامۆزای ڕەزا ئیسماعیلیی مامەدی بەندكراوی سیاسیی پێشوویه كە ڕۆژی ٤ خەزەڵوەری ساڵی ٩٣ لە زیندانی شاری سەڵماس بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامبوونی یەكێك لە حیزبەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی ئێعدام كرا.
سابیر پێشتریش بە تۆمەتی هاوكاریكردنی یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی بەرهەڵستكاری كۆماری ئیسلامی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكان دەسبەسەر و ٣ ساڵ حوكمی زیندانی تەعزیریی بەسهردا سەپا و ئەم سێ ساڵەی له زیندانی ورمێدا کێشا.
ناوبراو ڕۆژی ١٠ بانەمەڕی ساڵی ٩٢ دووبارە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری سەڵماسهوه دەسبەسەر و ئهمجارهیان که دادگایی کرا حوكمی زیندانی هەتاهەتایی بهسهردا سهپێندرا.