دەوڵەتی کۆلۆمیبا و رێبەرانی بزووتنەوەی فارک رێککەوتننامەی ئاشتیان لە گەڵ یەک ئیمزا کرد. بەوەش نیوسەدە شەڕی خوێناوی لە نێوان دەوڵەتی کۆلۆمبیا و سەرهەڵدانی فارک کۆتایی هات.
رێککەوتننامەکە دوای ٤ ساڵ وتووێژ و دانوستان لە نێوان دەوڵەتی کۆلۆمبیا و رێبەرانی فارک ڕۆژی رۆژی چوارشەممە، ٣ی خەرمانان ئیمزا کرا. رێککەوتنی کۆتایی لە لایەن ئۆمبێرتۆ دێلا کالێ سەرۆکی لێژنەی دانوستانکاری دەوڵەتی کۆلۆمبیا و ئەیوان مارکێز سەرۆکی گروپی دانوستانکاری فارک لە شاری هاوانای پێتەختی کوبا راگەیەندرا و ڕێوڕەسمی ئیمزای کۆتایی رێککەوتنەکەش لە تلویزیۆنی ڕەسمیی کۆلۆمبیاوە بڵاو کرایەوە. ئەگەرچی “خوان مانۆئێل سانتۆس سەرکۆماری کۆلۆمبیا رایگەیاندوە کە رێککەوتنەکە دەدرێ بە پارلمانی ئەو وڵاتە و دواتریش دەخرێتە بەر دەنگی خەڵکی کۆلۆمبیاوە.
فارک باڵی، چەکداریی حیزبی کومونیستی کۆلۆمبیایە کە لە ساڵی ١٩٦٤وە بە ئامانجی روخاندنی دەوڵەتی کۆلۆمبیا خەباتێکی سەخت و خوێناوی دەست پێ کرد. فارک پشتیوانی لە کرێکارانی کشتوکاڵ دەکا و ئامانجی پێکهێنانی دەوڵەتێکی کومونیستی لە وڵاتی کۆلۆمبیایە. بە مەزەندەی کارناسان لە ماوەی پێنج دەیە شەڕ لە نێوان چریکەکانی فارک و دەوڵەتی کۆلۆمبیا، ٢٢٠ هەزار کەس کوژراون، ٤٥ هەزار کەس بێ سەروشوێنن و بە میلیۆن خەڵک ئاوارە بوون.
رێککەوتن و ئاگربەستی کۆتایی لە نێوان فارک و دەوڵەتی کۆلۆمبیا لە کاتێکدایە کە فارک خاوەنی ٧ هەزار چریکی مەیدانیی شەڕە کە لە سنوورەکانی ڤێنێزۆئێلا و ئێکوادۆردا جێگیرین. بە پێی رێککەوتنەکە شۆرشگێڕانی فارک دەگەرێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان و دەوڵەت لەم بارەوە یارمەتیان دەدا. ئەوان خەباتی سیاسی خۆیان بە بێ چەک لە وڵاتی کۆلۆمبیا درێژە دەدەن و چەکەکانی فارک لە ژێر چاوەدێریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و لە ماوەی ١٨٠ رۆژدا کۆ دەکرێنەوە، دەسووتێندرێن و دەتوێندرێنەوە. دواتر سێ پەیکەر بۆ بیرئانینی خەسار و تێچووەکانی ئەو شۆرشە لە کانزای چەکە قاڵکراوەکان چێ دەکرێ.