ژنێک لە گوندی ترشەکانی مەهاباد خۆی سوتاند، لە بانەش ژنێک خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد ڕۆژی سێشەممە، 2ی خەرمانان ژنێکی لاوی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی ترشەکان بە ناوی چنوور سەعیدی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی هێنا.
سەرچاوەیەکی نیزیک لەو بنەماڵەیە گوتی چنوور ماوەیەک لەوە پێش لە هاوسەرەکەی جیا بۆتەوە و بەهۆی کۆمەڵێک کێشەی درەوونی و کۆمەڵایەتی خۆی کوشتووە.
شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، ٤ی خەرمانان سۆما قادری، کچی حوسێن خەڵکی چۆمانی خۆی هەڵاواسی و کۆتایی بە ژیانی هێنا.
سۆما تەمەنی ١٧ ساڵ و ژنی بە مێرد بووە و خۆکوژییەکەی پێوەندیی بە کێشەی خێزانییەوە بووە.
پزیشکی قانوونیی ئێران دەڵێ لە ئێران، رۆژانە بە شێوەی نێونجی ١٣کەس خۆیان دهکوژن و کارناسانی کۆمهڵایهتی دهڵێن هۆکاری زۆربوونی خۆکوژی له ئێران بۆ بارودۆخی خرابی دەروونی، ئابووری، بێکاری و نەبوونی داهاتوویەکی روون دهگهڕێتهوه..
شایانی باسه ئێران لە نێو وڵاتانی جیهاندا لە بوار خۆكوژی لە پلەی ٤٨ دایە. بەپێی ئامار ئەگەرچی لە سەرەتای ئینقلابی ساڵی ٥٧ دا ڕێژەی خۆكوژی زۆر كەم بوو، بەڵام ئێستا بهپێی ئامارهکان له ساڵدا له نیوان ٥ تا ٧ هەزار كەس لە ڕێگەی خۆكوژییەوە کۆتاییان به ژیانیان دههێنن.