ئەرتەشی تورکیە هێرشی خۆی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی سووریە دەست پێکردوە. تورکیە دەڵێ مەبەست لەو زنجیرە عەمەلیاتە گورزوەشاندن لە گڕووپی داعش و دوورخستنەوەیان لەو شوێنانەیە.
هەواڵدەریی ئانادۆڵی و تۆڕی میدیایی “سی ئێن ئێن”ی تورکیە دەڵێن هێزی وشکایی و تۆپخانەی تورکیە لە سەعات ٣ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی خەرمانانەوە هێڕش بۆ سەر شاری جرابلۆس لە سوورییەی دەست پێکردوە.
لەو عەمەلیاتەدا تۆپخانەی تورکیە ئامانجەکانی خۆی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکوتێ و هێزی ئاسمانیی بەرەی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکاش پشتیوانیی لێدەکەن.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیش رایگەیاندوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیە لە نێو خاکی سووریەدا چەند ئامانجێکیان لە نێو داعشدا بۆمباران کردوە.
مەلوود چاووشئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی تورکیە دەڵێ وڵاتەکەی دەیەوێ سنووری خۆی لە تێرۆریستەکان پاک بکاتەوە، بەڵام ئەڕتەشی تورکیە هاوکات هێرشی کردۆتە سەر چەند ئامانجێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە.
هێرشی ئەڕتەشی تورکیە بۆ سەر یەپەگە لە حاڵێک دایە کە ئەو هێزە کوردییە تا ئێستا پشتیوانیی بەرەی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکای لە پشت بووە.