لە ئێران هەموو زیندانییەک کە پێی کەوتە زیندانەوە لە مافی بیمەی دەرمانی بێبەری دەکرێ.
وەزیری بێهداشت کە ڕەخنەی توندی لە بڕینی بیمەی زیندانییەکان دوای گرتنیان گرتوە، دەڵێ ئەگەر دەزگای قەزایی ناتوانێ بەرعۆدەی بیمەی دەرمانیی زیندانییانەکان بێ، وەزارەتی بێهداشت دەتوانێ بێتە پێشێ.
هاشمی گوتی هەموو دەزانین کە بارودۆخی بێهداشتیی زیندانەکان چەندە خراپە و نەخۆشییەکان چۆن لە هەموو زیندانەکاندا بڵاو بوونەتەوە، ئیدی لەو دۆخەدا بەپێی چ مەنتیق و ئیستدلالێک بیمەی دەرمانیی زیندانییەکان هەڵدەوەشێننەوە و زیندانی لەو مافەی بێبەری دەکرێن؟
وەزیری بێهداشت بە ئاماژە کەمیی شوێن و زۆریی زیندانییەکان گوتی تێخزاندنی ئەو هەمووە زیندانییە لەو کەمە زیندانە نە ئینسافە و نە دروستە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستییە نەخوازراوەکان، دەبێ لە هەوڵی ئەوە دابین زیندانەکان زیاتر بکەین.
ئەو قسانەی وەزیری بێهداشت لە حاڵێک دایە کە ئەسغەر جەهانگیر، سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی وڵات بە ڕاگەیاندنی ئاماری زیندانییەکان لە ئێران دەڵێ دوو ساڵ لەوە پێش نیزیک بە ٦٠٠ هەزار زیندانی لە زیندانەکانی وڵاتدا بەند کرابوون کە ئێستا دوای هەندێ چاکسازی ئاماری زیندانەکان گەیشتۆتە ٤٥٠ هەزار کەس.
بوونی ٤٥٠ هەزار کەس لە زیندانەکانی ئێران لە حاڵێک دایە کە هەموو زیندانەکانی ئێران زەرفییەتی ڕاگرتنی ٨٥ هەزار کەسیان هەیە.