لە شاری سنە بەهۆی لێبوردنی بنەماڵەیەک، تاوانبارێک لە بن پەتی سێدارەدا لە مردن ڕزگاری بوو.
سەرلە بەیانیی ڕۆژی سێشەممە كەسێك کە بە تاوانی “كوشتن” دادگایی و حوكمی قەساسی بەسەردا سەپابوو، لەسەر ڕەزامەندیی بنەماڵەی كوژراوەكە لە زیندانی ناوەندیی سنەدا و کاتێ لەبن پەتی ئێعدام بوو، ژیانی نوێی پێ بەخشرایەوە.
بنەماڵەی ئەحمەدی کە ژیانیان بەو تاوانبارە بەخشییەوە، بنەماڵەی کوڕێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی دلێر بوون کە لە شەرێكدا لە ساڵی ٩١ دلێر ئەحمەدی بە چەقۆ کوژرا.
سیمین چایچی، نووسەر و چالاكی مەدەنی لە سنە لەم پێوەندییەدا گوتی ماوەی سێ ساڵە لە هەوڵدان بە وەرگرتنی ڕەزایەت لەو بنەماڵەیە ئەو حوکمە هەڵوەشێننەوە. ئەو دەڵێ ئێمە بەردەوام لەگەڵ بنەماڵەی دلێر لە پێوەندیدا بووین، بەڵام دایكی دلێر نەیدەویست قسە لەگەڵ كەس بكا.
سیمین چایچی لە زمان شایەتحاڵان دەگێرێتەوە كە لە كاتی جێبەجێكردنی حوكمی ئێعدامی تاوانبارەکەدا و كاتێك كە ملی بكوژیان بە پەتەوە كرد، دایكی دلێر ئەوی بەرامبەری بەخشی و پەتەكەی لە مل کردەوە.
بەقسەی ئەم چالاكە مەدەنییە، بۆ ڕێزلێنان لەم بنەماڵەیە و یادكردنەوەی دلێر قەرارە ڕۆژی پێنجشەممە خەڵكی سنە لەگەڵ چالاكانی مافی مرۆڤ لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی كۆببنەوە و قەبری دلێر گۆڵباران بكەن