سەرچاوەیەكی هەواڵ لە ڕووسیە دەڵێ تاران و مۆسكۆ وتووێژەکانیان لەسەر فرۆشتنی ٦٠ هێلیكۆپتێر چەند مەبەستەی ڕووسی بە ئێران دەست پێكردوە.
ئەلەكساندێر شەربینین، جێگری بەڕێوەبەریی شیركەتی هێلیكۆپتێرەكانی ڕووسیە بە هەواڵدەریی “تاس”ی گوت ئێران داوای کرینی ٦٠ هێلیكوپتێری لە ڕووسیە كردوە.
هەواڵدەریی “ئێسپۆتنیك”ی ڕووسیەش دەڵێ شیركەتی هێلیكۆپتێرسازییەكانی ئەم وڵاتە لە حاڵ وتووێژ بۆ فرۆشتنی هێلیكۆپیتێری جۆرەکانی ” ئانسات” و” كا ـ ٢٢٦” بە ئێرانەكە قەرارە بۆ وەزارەتی بێهداشتی ئەو وڵاتە بكڕدرێن. هەروەها دروستكردنی ناوەندێكی خەدەمانی فەننی و چاکردنەوەی ئەم هێلیكۆپتێرانە لە ئێران تەوەرێکی دیکەی وتووێژەکانی نێوان ئێران و ڕووسییەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێلیكۆپتێرەكانی “ئانسات” و “كا ٢٢٦ “ی لە جۆری چەند كارە و سووكە و وەک ئامبولانسی ئاسمانی لێوەردەگیردرێ.
پیوەندیی سیاسیی نێوان ئێران و ڕووسیە دوای ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە و بەلابرانی گەمارۆكان، هاوكاریی نێوان دوو وڵاتی ڕووسیە و ئێران چڕتربوویەوە بە شێوەیەك كە ئێران ئیزنی بە فڕۆكە شەڕكەرەكانی ڕووسیە داوە كە لە ڕێگەی پایەگای ئاسمانیی نوژە لە هەمەدان بۆردومانی هێزەكانی داعش بكەن.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا، قەڵغانی مووشەكیی ئێس ٣٠٠ كە ڕووسیە چەند ساڵ بوو لە پێدانی بە كۆماری ئیسلامی خۆی دەبوارد، ڕادەستی پەدافەندی ئاسمانیی ئێران کرا و هەروەها ئێران چەكی كڵاشینكۆفی نوێی لە وڵاتی ڕووسیە كڕیوە و تەحویل هێزە چەكدارەكانی دراوە.