کرێکارانی دەرکراوی کارخانەی سیمانی دێهلوڕان لە ئیلام و پۆڵای زاگڕۆس لە کۆبوونەوەکانیان بۆ وەرگرتنی مافە زەوتکراوەکانیان بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کرێکارە دەرکراوەکانی کارخانەی سیمانی دێهلوڕان لە ئیلام وێڕای بنەماڵەکانیان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێنەدانی مووچە و حەقدەستەکانیان لە دەروازەی هاتنەژوورێی شاری دێهلوڕان کۆبوونەوە.
ئەو کرێکارە دەرکراوانە دەڵێن زیاتر لە ساڵێکە لە کارەکانیان دەرکراون و سەرەڕای ئەوەی حوکمی دادگا و بڕیاری ئیدارەی کار لە بەرژەوەندیی ئەوان دایە، بەڵام هێشتا مافەکانیان نەدراوەتێ، بۆیە بە ناچار وێڕای بنەماڵەکانیان دەستیان بە کۆبوونەوەی نارەزایەتیدەربڕین کردوە.
ئەوان دەڵێن خاوەن کارخانەی سیمانی دێهلوڕان هیچ بایەخێکی بۆ حوکمی دادگا و بڕیاری ئیدارەی کار دانەناوە، بۆیە ئەوان کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ زۆر کێشە و ئاستەنگ بەرەوڕوو بوون، دەستیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین کردوە.
لە لایەکی دیکە ٢٨ کرێکاری کارخانەی پۆڵای زاگڕۆس کە بۆ دەستخستنی مافەکانیان سەردانی تارانیان کردوە، کۆبوونەوەکانی خۆیان دەست پێکردوە.
ئەو ٢٨ کرێکارە کە خەڵکی قوروەن و دوایین بەش لەو ٢٠٠ کرێکارە بوون کە لە کارخانەی پۆڵای زاگڕۆس دەرکران، ئێستا لە بەردەم وەزارەتی کار کۆبوونەتەوە و داوای مافە سینفییەکانیان دەکەن.
یەک لەو کرێکارانە بە کوردستان و کوردی ڕاگەیاند کە یەک ساڵی رەبەقە تاقە تمەنێکمان حەقدەست نەدراوەتێ و لە هەموو مافەکانمان بێبەری کراوین. ئەو دەڵێ چارەنووسمان ناڕوونە و لەو یەک ساڵەدا ١٨ جار بۆ کۆبوونەوە و نارەزایەتیدەربڕین هاتووینە تاران، بەڵام هەوڵەکانمان هەموو بێ ئاکام بوون و کەس ئێمە بەلاوە گرینگ نییە.