کیانووش ڕۆستەمی، پاڵەوانی کوردی کێشهەڵگریی جیهان دەلێ دەمەوێ بە بیدەنگی و بێ هەرا بێمەوە کرماشان.
پاڵەوانی کێشهەڵگریی ئۆلەمپیکی ریو گوتی: بەرپرسانی شار هەر بۆ وێنەگرتن دێنە پێشوازی، بەڵام کاتێک ئەمن کارێکم پێیان دەبی ١٠ ڕۆژ لە پشتی دیوەکانیان رامدەگرن.
کیانوش ڕۆستەمی کە لە یارییەکانی ئۆلەمپیکی ڕیودا توانی میداڵی زێڕی کێبرکێیەکان لە مل بکا و رێکۆردی دنیا و ئۆلەمپیک بشکێنێ، لەو پێوەندییەدا بە هەواڵدەریی ئیسنای ڕاگەیاند کە کاربەدەستان هەر بۆ وێنەگرتن و خۆنواندن دێنە ڕێوڕەسمەکانی پێشوازی و دوایە ئاوڕ لە کەس نادەنەوە.
ئەو گوتی کاتێکیش ئەمن کارم بە کاربەدەستێکی شارەکەم دەبێ حەوتوویەک یان ١٠ ڕۆژ دەبێ بێم و بچم هەتا بتوانم چەند دەقە چاوم پێیان بکەوێ، یان دەنا هەر بێنە و بەرەم پێدەکەن. بۆیە چیدی نامەوێ چاوم پێیان بکەوێ و کەسایەتیم بچێتە ژێر پرسیار.