دادستانی گشتیی ئێران ڕایگەیاند كە ڕۆژانە ٣٨٥٠ كانتینێر لە ڕێگەی بەندەر عەباسەوە بە بێ پشكنین و چاودێریی دێنە ئێرانەوە.
محەممەد جەعفەر مونتەزێری گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی ئاو و وشكانییەوە بە کێشەی سەرەكی سنوورەكانی ئێرانە و گوتی، هۆكارەكەی بۆ كۆنتڕۆڵنەكردنی سنوورەكان دەگەڕێتەوە.
ناوبراو هەروەها دەڵێ ڕۆژانە ٤ هەزار ماشێنی گەورە و كانتینێر لە بەندەر عەباسەوە دێنە ئێران كە تەنیا ١٥٠ دانەیان بارەکانیان كۆنتڕۆڵ و چاودێری دەکرێن.
مونتەزێری شیمانەی ئەمە دەكا كە ئەم ٣ هەزار و ٨٥٠ كانتینێرەی چاویان لێ ناكرێ، جا مادەی هۆشبەر بێ یان هەر شتێكی دیكە بە قاچاخ هاوردەی ئەم وڵاتە دەكەن.
پێشتر حەبیبوڵلا حەقیقی، سەرۆكی ڕێکخراوی بەربەرەکانی لەگەڵ کاڵای قاچاغ و دراو گوتبووی کە ڕۆژانە ٤ هەزار كانتینێر لە ڕێگەی بەندەری ڕەجایییەوە دێنە نێو خاكی ئێرانەوە، لە حاڵێکدا ئەم بەندەرە ڕۆژانە دەتوانێ بە دەزگایەكی ئیكس ڕەی، تەنیا ٢٠٠ كانتینێر چاودێریی بكا.
قاچاخی كاڵا لە ئێران یەكێك لە گرینگترین دیاردەكانی ئابووریی و نوێنگەی گەندەڵی لە ئێرانە و ئەمە لە حاڵێك دایە كە هێندێك لە ڕاگەیەنەكان ئاشکرایان کردوە کە كاربەدەستانی بەرپرس لە پشتی پەردەی قاچاغی مەشرووب و چەكوچۆڵ بۆ ئێران دایە.
چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن زۆربەی ناوەندە نیزامی ـ ئەمنیەتی و حكومەتییەکام دەستیان لە هاوردەی بە قاچاخی كاڵادا دایە، ئەوەش لە حاڵێکدایە ڕۆژانە لە کوردستان کۆڵبەرانی کورد لە سەر هێنان و بردنی بارێک بە سەر شانیان دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەکوژرێن..
بەپێی ڕاگەیەندراوی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٤ عەلیڕەزا جەمشیدی، سەرۆكی ڕێكخراوی سزا حكومەتییەکان، نرخی ساڵانەی قاچاخ لە ئابووریی ئێران زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆلارە.