لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لانیكەم ٧٦ بەندكراو لە شارە جیاجیاكانی ئێران ئێعدام كراون كە ٢٩ كەسیان بە تۆمەتی سیاسی ـ ئەمنیەتیی و ٧ كەسیشان لەبەر چاوی خەڵكدا لە دار دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی كانوونی بەرگریی لە مافی مرۆڤ لە ئێران، شەپۆلێکی نوێی ئیعدام لە ئێران دەستی پێكردوە و لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیكەم ٧٦ كەس بە ئاشكرا ملیان بە دارەوە كراون.
ئامارەکان دەڵێن لە گەلاوێژی ئەمساڵدا گەورەترین ئێعدامی بەكۆمەڵی بەندكراوانی سیاسی و عەقیدەتی لە بیست ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کرا. ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ لانیكەم ٢٥ بەندكراوی سوننی مەزهەب لە زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج ملیان بەدارەوە كرا و پاش حەوتوویەكی دیكە محەممەد عەبدوڵڵاهی، بەندكراوی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ حوكمی ئێعدامەكەی جێبەجێ كرا.
شایانی باسە كە ڕێژەی بەرزی ئێعدام لە ئێران وایکردوە کە وڵاتانی ڕۆژاوا، ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و پێشتریش ئەحمەد شەهید ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەام ڕەخنەی توندی لێبگرن، بەڵام ئێران تا ئێستا پێملی هیچ فشار و داوایەک نەبووە.