پەروەندەی گەندەڵییەکانی بنیاتی شەهید لە ئێران سەرەڕای بەدواداجوونی مەجلیس دیزە بەدەرخۆنە کرا.
عەلی لاریجانی سەرۆكی مەجلیسی شواری ئیسلامی دەڵێ لێكۆڵینەوە لە پەروەندەی گەندەڵیەکانی بنیادی شەهید چەند سەد میلیۆنی خەرج لەسەر دەستی مەجلیس دانا، کەچی لە كۆتاییدا هەر نەمانزانی ئاکامەکەی بوو بە چی؟
مەجلیسی شورای ئیسلامی لە خولی نۆیەم و هاوكات لەگەڵ دەوڵەتی دووهەمی ئەحمەدی نژاد، گەڵاڵەی لێكۆڵینەوە و بەدواچوون لە لادانەکان لە بنیادی شەهیدی پەسند کرد و کاری لەسەر کرا.
ڕاپۆرتەكانی كۆتایی ساڵی ٩٣ کە لە زمان ئەندامانی هەیئەتی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی مەجلیسی شورای ئیسلامی لە ڕاگەیەنەكان بڵاوكرایەوە، دەری خست کە گەندەڵی و دزیی میلیاردی لەم ناوەندەدا کراوە كە لە ژێر دەسەڵاتی عەلی خامنەیی دایە.
ئەمیر خۆجەستە، سەرۆكی كومیتەی لێكۆڵینەوە و پشكنینی بینادی شەهید لە مەجلیسی نۆیەم پێشتر ڕایگەیاندبوو كە ئەگەر سەرۆكی مەجلیس ئیزن بدا ٣٠ هەزار بەڵگە لەسەر لادانی ئەم ناوندە دەوڵەتییە دەخاتە ڕوو. ئەو دەڵێ زۆربەی ئەو گەندەڵییانە لە سەردەمی ئەحمەدی نژادا کراوە.
ڕاپۆرتی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکان لە بینادی شەهید لە مەجلیسی نۆهەمدا نەخوێندرایەوە و خۆجەستە چەند جار باسی لە “فشارە سیاسییەکان” بۆ رێگری لە خوێندنەوەی ئەم ڕاپۆرتە كرد. ئێستاش سەرۆكی مەجلیس دەڵێ چیدی مەجلیس کار لەسەر لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە ناکا.
عەلی لاریجانی لەسەر ئەم بنەمایە دانی بەوە دانا كە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی دووبارە لە گەندەڵییەکان لە بنیادی شەهید “چەند سەد میلیۆنی دیكەشی خەرج دەبێ، هەر بۆیە مەجلیس جارێکی دیکە ئەوە ناخاتەوە دەستووری کاری خۆی.
شایانی باسە بنیادی شەهید ساڵی ١٣٥٨ بە بڕیاری روحۆڵڵا خەمەینی، ڕێبەری ئەو كاتی كۆماری ئیسلامی دامەزرا و ئێستاش لە ژێر دەسەڵاتی خامنەیی دایە.