ئەفسانە بایەزیدی، چالاکی خوێندکاریی کورد دوای نزیک بە ٤ مانگ بەندکرانی لە زیندانی ورمێ دادگایی کرا و سزای٤ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا.
ئەفسانە بایەزیدی کە لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بە تۆمەتی پێوەندیی لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی لێپێچینەوەی لێکرابوو، لە کۆبوونەوەی دادگا بە سەرۆکایەتیی قازی “جەوادی کیا” سزای٤ ساڵ زیندان لە دوورخراوەیی بەسەردا سەپێندرا.
قازی جەوادی کیا لە دادگاییکردنێکی کورت ماوەدا تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام، سووکایەتی بە خامنەیی ڕێبەڕی رێژیم و لایەنگری لە حیزبێکی کوردیی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی بەسەردا ساغ کردۆتەوە و سزای ٤ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاندوە، بەڵام ئەفسانە هەموو ئەو تۆمەتانەت ڕەت کردۆتەوە.
ئەمجەد محەممەدیان، پارێزەری ئەفسانە بایەزیدیش وێرای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە ڕەخنەی لە شێوەی دادگاییکردنەکەی گرتوە و داوای پێداچوونەوە بەو حوکمەی کردوە.
ئەفسانە بایەزیدی، پێشتریش لە ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاش سێ مانگ بەندکران بە تۆمەتی “تەبلیغات بە دژی ڕژیم” و “بێڕێزی بە خامنەیی” سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاندبوو کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە هەڵپەسێردرا.