مووچەی ٢٠٨ كرێكاری شارەداریی سەردەشت ماوەی ٣ مانگە دواكەوتووە و نەدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان، ئەم كرێكارانە لە شارەداریی سەردەشت بە شێوەی ڕەسمی، گرێبەست و ڕۆژكار خەریكی كاركردنن، بەڵام ماوەی ٣ مانگە مووچەكانیان نەدراوەتی.
ئەم كرێكارانە جگە لە هەقدەست و مووچەکانیان، حەقی بیمەکانیشیان تێ نەکراوە و هەر بۆیە دابینكردنی كۆمەڵایەتیی سەردەشت دەفتەرچەی دەرمانیی ئەم كرێكارانەی تەنیا بۆ ماوەی یەك مانگ درێژ كردۆتەوە.
كرێكارانی شارەداریی سەردەشت دەڵێن هەقدەستی مانگی خاكەلێوەیان نزیك بە ١٥ ڕۆژ لەوەپێش دراوەتێ و مووچەی سێ مانگیان لەسەر شارەدارییە، ئەمەش لە حاڵێكدایە كە پێویستیی زۆریان پێیەتی و بژیوی ژیانیان بۆ جێبەجێ نابێ.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێ كرێكارانی شارەداریی سەردەشت لە ترسی ئەوەی دەریان نەكەن ناوێرن كێشە و گیروگرفتەكانیان بە میدیایی بکەن، چونکی زۆربەی ئەم كرێكارانە لەم شوێنە كار دەكەن ڕۆژكارن و بە هۆی نەبوونی گرێبەستی كار، ئەمنیەتی شوغڵییان نییە.