لە ئیلام، سنە و كرماشان چەند كۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە پێوەندی لەگەڵ نەدانی مووچە و هەقدەستی كرێكاران و كارمەندانی دەوڵەتی بەڕێوەچوو.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرووپێك لە كارمەندانی ڕێكخراوی ژینگەپارێزیی شاری ئیلام بەهۆی دواكەوتنی مووچەی دوو مانگیان لە شوێنی ئەم ئیدارەیە لە شەقامی مودەریس كۆبوونەوە و داوای پێدانی مووچەكانیان کرد.
لە شاری سنەش كۆمەڵێك لە كارمەندانی گرێبەستیی ڕێكخراوی ئاگركوژێنەوە بە هۆی خراپیی بارودۆخی شوغڵی و وەرنەگرتنی مووچەی مانگی پووشپەڕ و گەلاوێژیان لە بەردەم ئەم ئیدارەیە لە شەقامی تاڵەقانی كۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەروەها لە كرماشانیش گرووپێك لە خانەنشینکراوانی ئیدارەی جیهادی سازەندەگی بە هۆی پێنەدانی هەقی پاداشتی ساڵانە كە لە ساڵی ڕابردووە نەدرابوو، لە بەردەم ئەم ئیدارە كۆبوونەوە و داوای وەڵامدانەوە بە داواکانیان بوون.
هەر لەم پێوەندییەدا دیسان لە شاری كرماشان كۆمەڵێك لە كرێكارانی شیركەتی “مێنۆ ریل”ی كرماشان بە هۆی وەرنەگرتنی مووچەی ٤ مانگیان لە چوارڕێیانی ئیرشادی كرماشان كۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بەوە دەربڕی.