لە كونكووری ئەمساڵ و لە بڕیارێکی سەیردا لە زۆربەی زانكۆكانی زانستی پزیشكیی ئێران لە بەشە جیاجیاكان پزیشكیدا، بوورسیەی تایبەت بۆ سپای پاسداران داندراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە زیاتر لە ٢٠ زانكۆی زانستی پزیشكیی ئێران بوورسیەی سپای پاسدارانیان بۆ دیاری كراوە و بۆ یەكەم جار كۆمەڵێكی بەرچاو لە ئەندامانی سپای پاسداران لە زانكۆكان وەرگیران. دەگوترێ هێندێك لە زانكۆكانی ئێران سەدی ٢٠ تا سەدی٣٠ خوێندكارەکانی لە ئەندامانی سپای پاسدارانن کە لە تەنیشت خوێندكارانی ئاسایی لەسەر پۆلەكان دادەنیشن.
لەم وەرگرتنە تایبەتەدا ئەولەوییەت بە بەسیجی و بنەماڵەكانیانن و پێشتر دەبێ ئەم كەسانە ئەندامی سپای پاسداران بووبن و پاشان لە لایەن سپاوە بوورسیەیان پێدەدرێ بە مەبەستی تایبەت لە زانكۆكان دەخزێندرێن.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن سپای پاسداران هیچكات پێویستیی بەم هەموو پزیشك و كادری دەرمانییە نابێ بەلام شیمانەی ئەوە دەكرێ كە ئامانجی دیكەی لە پشت بێ و لەم ڕێگەیەوە بیانەوێ ئاسانتر زانكۆكان كۆنتڕۆڵ بكەن.