کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد بە جێژن.
لەو جێژنەدا کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژ بە بەشداریی سەدان ئەندامی حیزب، نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و کەسایەتییەکانی میوان گیرا، رێز لە یادی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات و مێژووی پڕ لە شانازیی خەباتی ئەو حیزبە نرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و رێزنان لە بیرەوەریی شەهیدان دەستی پێکرد، سەرەتا پەیامی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کاک سوڵتان گوڵاوی پێشکێش کرا.
کاک مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێورەسمەدا وتارێکی پێشکێش کرد و لە وتارەکەیدا باسی لە دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە مێژووی تێکۆشانی ئەو حیزبەدا کرد.
دامەزراندنی کۆماری کوردستان، دانانی سەمبولە نەتەوەییەکانی وەک سروودی میللی، ئاڵای نەتەوەیی، دروستکردنی هێزی پێشمەرگە،٣٧ ساڵ خەباتی خوێناوی لە دژی کۆماری ئیسلامی چەند خاڵێک بوون کە بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وتارەکەیدا باسی کردن.
کاک مستەفا شەڵماشی لە درێژەی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستاش باوەڕی بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران نییە، ئەو ڕێژیمە تەنیا مەنتیقی سەرکوت دەزانێ و بە ئێعدام و گرتن و تواندنەوەی کورد هەوڵی داوە بەرەنگاری بزووتنەوەی کورد بێتەوە، لەو نێوەدا حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش کۆڵی نەداوە و بە هەموو مێتۆدەکانی خەبات و تێکۆشان لە مەیدانەکەدا بووە و ماوەتەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو یادە پڕشکۆیەدا مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەی کورد و سیمای ناسراوی حیزبی دێموکڕات قسەی کرد و گوتی ئەو هەوڵانەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بۆ کەمڕەنکردنی خەباتی کورد لە ئێران دەدرێ بێ ئاکامە و ئاسنی سارد کوتانە.
مامۆستا حەسەنزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کورد لە ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەگەڵ دڕندەترینو بێپڕەنسیپترین ڕێژیمی سیاسی لە دنیادا لە کێشە و بەربەرەکانی دایە و مێژووی خەباتی حیزبی دێموکڕات بە تایبەت ٣٧ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پڕە لە شانازی.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە هەوراز و نشێوی زۆری خەباتی کورد لە ئێران گوتی مێژووی خەباتی حیزبی دێموکڕات پرسی کورد لە ئێرانی گەیاندۆتە ئەو جێیەی کە ئیدی حاشای لێناکرێ و ئاسۆی ئەو خەباتە گەش و ڕوونە.
لە بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کاک جەلال قادری پەخشانێکی خوێندەوە و چەند بەرنامەیەکی هونەری پێشکێش کران.