کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە ڕۆژی شەممە، ٣٠ی گەلاوێژ بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی حیزب و میوان بەڕێوەچوو، یادی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات و مێژووی ٧١ ساڵ خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە رێزی لێگیرا.
ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” لەلایەن کۆرسی یەکیەتیی لاوان و ڕێزنان لە یاد و بیرەوەریی شەهیدان دەستی پێکرد و پەیامی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە، لەلایەن کاک ڕزگار حەبیبزادە، بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکێش کرد.
بەستێنە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە دروستکردنی حیزبی دێموکڕات و کۆماری کوردستان و جێسختنی سەمبول و پڕەنسیپە نەتەوەییەکانی کورد چەند تەوەرێک لە پەیامەکەی کۆمیتەی حیزب بەو بۆنەیە بوو.
لە درێژەی پەیامەکەی بەرپرسی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان تیشک خرابووە سەر مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکڕات بە دژی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و باس لەوە کرابوو کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئێستاش لە سەر بنەمای ئەو عەقڵییەت و بناخە فیکرییانەی کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزرا، درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆی لە پێناو دابینکردنی مافی نەتەوایەتیی کورد لە ئێراندا دەدا.
خوێندنەوەی پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لەلایەن نەمان زەڕینفام، چەند تابڵۆیەک هەڵپەرکیی گرووپی یەکیەتیی لاوان، شمشاڵژەنینی هونەرمەند یەحیا محەممەدی چەند بڕگەیەکی دیکە لەو ڕێوڕەسمە بوو کە بە بۆنەی ٧١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ گیرا.
ئەم ڕێوڕەسمە بە شایی و شادیی بەشداران کۆتایی پێهات.