بریکاری کاروباری کۆمەڵایەتیی بێهزیستیی ئێران دەڵێ تاشینی سەری منداڵانی سەرشەقام لە کرماشان کاری ئیدارەی بێهزیشتی نەبوو، دەزگایەکی دەوڵەتیی دیکە ئەو کارەی کردوە. حەبیبوڵڵا مەسعودی فەرید بەڵام ناوی ئەو دەزگا و ئیدارەیەی نەگوت.
مەسعودی فەرید ڕۆژی شەممە، ٣٠ی گەلاوێژ بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاند لە روانگەی بێهزیستییەوە رەفتاری توند و تیژ لەگەڵ منداڵانی سەرشەقام جواب ناداتەوە و ئەو شێوازانە بێ ئاکامن. ئەو گوتی ڕێکخراوی بێهزیستی باوەڕی بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە نییە.
ئەو لەبارەی ئەو منداڵانەی سەرشەقان کە لە کرماشان سەریان تاشیبوون، گوتی: دوای بەدواداچوون ڕوون بۆوە کە بێهزیستی ئەوەی نەکردوە و ئیدارەیەکی دیکەی پێوەندیدار بە پرسی منداڵانی سەرشەقام ئەو کارەی کردوە، بەڵام ئەو بە ئاشکرا نەیگوت کێ و کام ئیدارەی دەوڵەتی لە پشتی ئەو کارە بووە.
حەوتووی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵانی سەرتاشراوی کرێکار لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی کرماشان هەڵڵای نایەوە. بەپێی قسەی ئەو منداڵانە لە ئوڕدووگای کانییەسپیی کرماشان سەریان تاشیون.
بە پێی راپۆرتەكانی دەفتەری كاروباری خەساردیتوانی كۆمەڵایەتی رێكخراوی بێهزیستی، لە نێوانیەك تا دوو ملیۆن منداڵی سەر شەقام لە کۆمەڵگای ئێران بە تایبەت شارە گەورەکاندا هەیە.
زۆربەی هەرە زۆری منداڵانی سەر شەقام، منداڵانێكن كە بە هۆی دۆخی نالەباریی ئابووری خۆیان و بنەماڵەكانیان لە شەقامەكان كار دەکەن و ژیان بەسەر دەبەن، بە پێی لێکۆڵینەوەکانیش زۆربەی یان سەرپەرەستیان نییە یان سەرپەرسەتی باشیان نییە و بۆ خۆیان دەبێ بۆ بژیوی ژیانیان کار بکەن.