عەلی موتەهەری، نوێنەری تاران لە مەجلیس دەڵێ باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ئەمریکا دەرفەتێک بۆ ئێران و بە دووری دەزانێ هەلی لەو چەشنە بۆ ئێران بێتەوە پێشێ.
لە سەردەمی باڕاک ئۆبامادا بۆ یەکەم جار دوای ٣٧ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا ڕاستەوخۆی لە چوارچێوەی وتووێژە ئەتومییەکاندا قسەیان کرد و ئەو دانوستانەش رێککەوتنی ئەتومیی لێکەوەتەوە. هەروەها سەرۆک کۆماری ئەو دوو وڵاتەش جارێک بە تەلەفوون قسەیان کرد، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە نەبوونە هۆی ئەوەی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەست پێبکاتەوە.
عەلی موتەهەری کە لە کۆبوونەوەی لایەنگرانی دەوڵەتدا لە زەنجان قسەی دەکرد، گوتی ئەگەر ئێران پێوەندی دیپلۆماتیکی لەگەڵ ئەمریکا هەبوایە زۆر لە کێشە بانکییەکانی ئێران چارەسەر دەبوون. ئەو گوتی ئێران بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان نەیتوانیوە پێوەندیی باشی لەگەڵ سیستمی بانکی جیهانی هەبێ. ئەو گەمارۆیانە لە سۆنگەی بەرنامە ئەتومییەکەی ئێراندا بەسەریدا سەپا و ئەو وڵاتەی بە تەواوی لە پەراوێز خست، ئێستا بە دوای رێککەوتنی ئەتومی ئەو گەمارۆیانە لەسەر ئێران هەڵگیراون، بەڵام زۆر لە بانکە گەورەکانی جیهان لە ترسی سەرلەنوێ گەمارۆ خستنەوە سەر ئێران ئامادە نین هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێران دەست پێبکەنەوە.
شایانی باسە کە لە ساڵانی ڕابردوودا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی یەکێک لە دژبەرانی سەرەکیی پێوەندی گرتنەوە لەگەڵ ئەمریکا بووە و ئێستاش ئەو وڵاتە بە “شەیتانی گەورە” ناو دەبا.