بەهۆی ئاگرێکی گەورە کە لە دارستان و مێرگەکانی گیلانیڕۆژاوا لە ئیلام بەرببوو، ٢٥ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچانە لە بەرزاییەکانی ” چیکان مەنسووری” لە بەشی گوواور سووتان.
کەریم محەممەدی، فەرمانداری گیلانی ڕۆژاوا دەڵێ ئەو سووتانە هەر نەبێ پتر لە ١٠٠ میلیۆن تمەنی زیان لێکەوتۆتەوە و رووداوەکەش هۆکاری مرۆیی لە پشت بووە.
ئەو گوتی لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە دووهەمین جارە دارستانەکانی ئەو شارە ئاگریان تێبەر دەبێ و لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵیشەوە ئەوە چاردەهەمین جارە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا دەسووتێن.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هێکتار لە دارستان و مێرگەکانی گیلانیڕۆژاوا لە ئاگردا سووتاون و زیاتر لە ٧٠٠ میلیۆن تمەنیان زیان و خەسار بووە، ئەگەرچی کارناسانی رەسمی دەڵێن زیانی ئەو ئاگرکەوتنەوانە زۆر لەوەندە زیاترە.