هێزە كوردییەكانی لە سووریە لە شاری حەسەكە پاشەكشەیان بە هێزە دەوڵەتییەكان كرد و دەسەڵاتی خۆیان فراوانتر كردوە.
ناسر حاج مەنسوور، لە بەرپرسانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (ی پ گ) و یەكیەتیی هێزەكانی دێموكراتیكی سووریە پێكهاتوو لە كورد و عەرەب بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند کە كوردەكانی ڕۆژاوا بەشی هەرە زۆری شاری حەسەكەیان لە كۆنتڕۆڵ ناوە و توانیویانە بینا دەوڵەتییەکان و زانكۆی ئابوورییش بخەنە ژیر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.
ڕێکخراوی چاودێرانی مافی مرۆڤی سووریەش باسی لەوە کردوە كە هێزە كوردییەكان ناوچەكانی باشووری حەسەكەیان بە تەواوی لە كۆنتڕۆڵی خۆیان ناوە.
شەڕ و تێكهەڵچوون لە شاری حەسەكە بووە هۆی ئەوەی كە هێزی ئاسمانیی دەوڵەتی سووریە بۆ یەكەم جار بنكە و بارەگاكانی کوردەکانی ڕۆژاوا بۆمباران بكەن.
ڕێکخراوی چاودێرانی مافی مرۆڤ لە سووریە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو كە لەو پەلامارەدا 13 كەس کە ژن و منداڵیشیان لەگەڵ بووە كوژراون و زۆربەی کوژراوەکانیش خەڵكی مەدەنی بوون.
بەقسەی ئەم رێکخراوە بڕواپێکراوە كە مەقەڕەكەی لە شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیایە، لە ئێستادا نەخۆشخانەی ناوچە كوردنشینەكان خوێن و داو دەرمانی پێویستیان بۆ چارەسەری بریندارەكان نییە.