لە پێوەندی لەگەڵ قاچاغی كاڵا لە بەندەرەكانی باشووری ئێران، ستادی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ ڕایگەیاند كە كۆمەڵێك كەس لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر كراون. بە قسەی كارناسان بڕی قاچاخی كاڵا لە ئێران ساڵانە بە ئەندازەی هەموو داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەیە.
قاسم خورشیدی، وتەبێژی ستادی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی كاڵا و دراو دەڵێ، دیاردەی قاچاخ لە ئێران بە شێوەی سیستماتیک پەتەی پیدراوە و بەبێ هاوبەشی و هاوكاریی كارمەندانی گومرک و ناوەندەکانی تڕانزیت ناکرێ.
ئەم كاربەدەستە ڕەسمییەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پەروەندەی ٢١٠ كانتینێر كالای قاچاخ دەڵێ، كۆمەڵێك لە كارمەندانی بەشی چوونەدەرەوەی گومرک، لەگەڵ چەند بەشێکی دیکە دەستیان لەو گەندەڵییەدا بووە.
قاسم خورشیدی دەڵێ کۆمەڵێک لە كارمەندانی ڕێكخراوی بەندەرەكان و دەریاكان و شیركەتە خاوەنكارەكانی ڕێكخراوی بەندەرەكانیش لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر كراون؛ بەڵام محەممەد سەعیدنژاد، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی بەندەر و دەریاكان گوتبووی هیچ كام لە كارمەندەكانی ئێمە دەسبەسەر نەكراون.
ئابووریی ئێران بە تایبەت لە سەردەمی سەپاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكاندا زیاتر گرفتاری گەندەڵی بووە و یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم گەندەڵییەش قەیرانی قاچاخی كاڵا و شمەكە.
هێندێك لە ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ئێران و كاربەدەستانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوە تاوانبار كراون كە ئیسكلەی تایبەتییان بۆ قاچاخی كاڵا هەیە. سپای پاسداران یەكیك لەم ناوەندانەیە، هەتا ئەو جێگەیەی كە ئەحمەدینژاد، سەركۆماری پێشووی ئێران کە پێوەندییەكی باشی لەگەڵ سپای پاسدارانیش هەبوو، كاربەدەستانی سپای بە برا قاچاخچییەكان ناو دەبرد.
بەپێی ئاماری ستادی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی كاڵا و دراو، بڕی كاڵای قاچاخ لە ئێران لە ساڵی 92ی هەتاویدا 25 میلیارد دۆلار بووە.
ئابووریناسان لەسەر ئەم بڕوایەن كە ئاستی كالای قاچاخ بە ئەندازەی هەموو داهاتی نەوتی ئێرانە و ئەمە زیانێكی گەورە لە كەرتی بەرهەمهێنان و پێكهێنانی هەلی كار ناوخۆیی دەدا.