وەزیری بەرگریی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی بەکارهێنانی پایەگای نیزامیی هەمەدان لەلایەن ڕووسیەوە گوتی، كەڵكوەرگرتنی ڕووسیە لە پەیەگانی ئاسمانیی هەمەدان هیچ پێوەندیی بە مەجلیسەوە نییە و ئەو بڕیارە لە درێژەی هاوكارییە سێ قۆڵییەکەی ئێران، ڕووسیە و سووریە دراوە و لەسەر داوای وڵاتی سووریە بووە.
ئەمە یەكەم جارە كە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی كەڵكوەرگرتنی فڕۆكەكانی ڕووسیە لە بنکەی ئاسمانیی نۆژەی هەمەدان كاربەدەستێكی دەوڵەتی و نیزامی لەبارەی ئەم بابەتەوە شت دەڵێ.
حوسین دێهقان لەو پرێس کۆنفڕانسەدا پێداگریی كردەوە كە هاوكاریی ئێران و ڕووسیە لەسەر بنەمای سیاسەتی گشتیی ڕێژیم و پەسەندكرانی لە لایەن شواری باڵای ئەمنیەتی میللی و لە ئاستی ستراتیژیی وڵات دایە و كەڵكوەرگرتنی فڕۆكەكانی ڕووسیە لە پایەگای ئاسمانیی ئێران شتێک نییە مەجلیس قسەی لەسەر بکا.
وەزیری بەرگریی هەروەها ئەگەر پێویست بێ بنکەی نیزامیی دیکە بە ڕووسەكان دەدەین.
جێی باسە كۆمەڵێك لە نوێنەرانی مەجلیس سەبارەت بەم بابەتە ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان كرد لە كۆبوونەوەیەكی نائاشكرادا تاوتوێ بكرێ.
چەند ڕۆژ لەوەپێش حێشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، نوێنەری شائاباد و دالاهۆش ئەوەی بە پێشێلکردنی قانوونی بنەڕەتیی وڵات ناو برد و گوتی، بەپێی ئەسڵی ١٤٦ی قانوونی بنەرەتیی، دانا و جێگیركردنی هەر چەشنە هێزێکی نیزامیی بیانی لە نێوخۆی ئێران تەنانەت بە مەبەستی ئاشتیخوازانەش بێ، هەر قەدەغەیە.
ناوبراو هەروەها گوتی بۆ یەكەم جار پاش شەڕی دووهەمی جیهانی ئێران رێگە بە هێزێكی بیانی دەدا خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتێکی دیکە بەکار بێنێ.
ئێران هاوپەیمانی سەرەكیی بەشار ئەسەد سەركۆماری سووریە لە ناوچە دایە و لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی دژی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١١وە پشتیوانیی ماڵی و نیزامی لەم وڵاتە دەكا.
وەزیری بەرگریی ئێران ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاكامی هاوكاریی هاوبەشی ڕووسیە و ئێران لە سووریە دەردەکەوێ.