وەرزێرەکانی پارێزگای سنە زیاتر لە دوو مانگە گەنمەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کردوە، بەڵام ئێستاش تاقە تمەنێکیان نەدراوەتێ.
تێنەکردنی پووڵی گەنمی وەرزێڕەکان لە حیسابەکانیان کێشەی زۆری بۆ دروست کردوون و بۆ کڕینی بنەتۆوی ساڵی داهاتوو و چاندنی زەوییەکانیان و هەروەها بژیوی ژیانیان داماون، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە هەموو وادە و بەڵێنی بەرپرسانی جیهادی کەشاوەرزی و بانک هەر قسە بووە و هیچیان لێ شین نەبووە.
کەریم زولفەقاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کەشاوەرزیی سنە دەڵێ بە ئاماژە بەوەی دەوڵەت ئەمساڵ زیاتر لە ٨١٧ هەزات تۆن گەنمی لە وەرزێڕەکانی سنە وەرگرتوە کە بایی زیاتر لە هەزار میلیارد تمەنە، بەڵام ئەوان هێشتا تاقە قڕانێکیان بابەتی کڕینی گەنمەکانیان نەدراوەتێ.
سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کەشاوەرزیی سنە لە حاڵێکدا دانی بەوە داناوە کە وەرزێڕەکان پووڵی گەنمەکانیان نەدراوەتێ کە لە مانگی جۆزەرداندا و پێش دەستپێکردنی دروێنە ڕایگەیاندبوو کە ئەمساڵ دەوڵەت بە زەمانەت گەنم وەردەگرێ و پووڵەکەشی لە ماوەی چەند ڕۆژدا دەدا، کەچی ئێستا دوای دوو مانگ هێشتا خەڵکەکە چاوەڕوانە.
لەلایەکی دیکەوە نەدانی پووڵی ئەو خەڵکە لە حاڵێک دایە کە ئەوان تەنانەت پووڵی دروێنە و هەڵگرتنەوەی خەلە و خەرمان و کرێ ماشێن بۆ گواستنەوەت گەنمەکانیشیان لە گیرفانی خۆیان داوە.
شایانی باسە کە ئێستا زۆربەی وەرزێرەکان پەشیمانن لەوەی گەنمەکانیان داوەتە سیلۆی دەوڵەت و دەڵێن دەبوا هەر ئەو کات لە بازاڕ بە نرخێکی کەمێک هەرزانتر و نەغد بەرهەمەکانیان فرۆشتبا، بۆ ئەوەی لە ئێستادا بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان تووشی ئەو هەمووە کێشە نەهاتبان.