كورد لە ئێران سەدی ١٤ی حەشیمەتی ئێران پێك دێنێ، بەڵام سەدی ٤٢ی بەندكراوانی سیاسی و عەقیدەتیی ئێران لە كوردەكان پێك هاتوون.
٢٢ گرووپی مافی مرۆڤی ئێران و نێودەوڵەتی ئێعدامەکانی ئەم دواییانە لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحكوم كرد و سەبارەت بە جێبەجێكردنی حوكمی ئێعدامی كەمینە نەتەوەییەكانی ئێران ئەم وڵاتەیان وریا كردەوە.
ئەم گرووپانە دەڵێن لە ڕۆژی ١١ گەلاوێژەوە تا ئێستا لانیكەم ٢٤ بەندكراوی سیاسی و عەقیدەتیی كورد لە ئێران زۆر سەرەڕۆیانە و بەپەلە ئێعدام كراون. ئەم گرووپ و ناوەندانە لەسەر ئەم بڕوایەن كە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە پەروەندە و دادگایی كردنی ئەو کەسانە زۆر ناعادڵانە بووە و داوایان لەوڵاتی ئێران كردوە كە پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتی وڵاتەكەیاندا بكا و حوكمی ئێعدام هەڵوەشێنێتەوە.
گرووپەكانی مافی مرۆڤی ئێرانی و نێودەوڵەتی دەڵێن، ئێعدامكردنی بەندكراوانی سیاسی گەورەترین پێشێلكاریی مافی ئازادی دەربڕین و عەقیدەیە.
ئەوان دەڵێن كە لە نێو ٩١٥ بەندكراوی سیاسی و عەقیدەتی لە ئێراندا ٣٩٠ كەسیان کوردن و زۆربەیان تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودایان بەسەردا سەپاوە.
ئەوان لە درێژەی بەیاننامەیەكەیاندا ڕادەگەیەنن كە زۆربەی ئێعدامكرانی كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكان بە نهێنی و بە بێ ئاگاداركردنەوەی ڕەسمی یان بڵاوبوونەوەیان لە ڕاگەیەنەكاندا جێبەجێ دەکرێن.
ئەم گرووپانەی مافی مرۆڤ لە کۆتاییدا داوایان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردوە كە كومیتەیەک بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستییەكان پێک بێنێ و لە پێناو ڕاگرتنی ئێعدامدا فشاری زیاتر بخرێتە سەر کۆماری ئیسلامی.