ئەرتەشی ڕێژیمی سووریە بۆ یەكەمجار لە سەرەتای دەسپێكی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە تا ئێستا، بنكە و بارەگاكانی هێزە كوردییەكانی بۆمباران كرد. هێرشە ئاسمانییەكانی سووریە ١٠٣ خاڵی لە شاری حەسەكە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریە پێکاوە.
هەواڵدەریی فەڕانسە ڕایگەیاند بۆمبارانی حەسەکە لەلایەن هێزەکانی بەشار ئەسەد لە حاڵێک دایە كە دوو لە سێی ئەو شارە لە كۆنتڕۆڵی هێزە كوردییەكان دایە و ئەوی دیكەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی بەشار ئەسەد دایە.
چاوەدێرانی سیاسیش پێیان وایە بۆمبارانی بنكەی و بارەگای هێزە كوردییەكان، گرژی و تێكهەڵچوونی بەدوادا دەبێ.
لە تێكهەڵچوونی ڕۆژی چوارشەممەدا دوو گەڕەک لە ناوەندی حەسەكە و هەروەها گەڕەكێكی باشووری ئەم شارە بۆمباران کران و لەو پەلامارەی ئەڕتەشی بەشار ئەسەدا١١ كەس كە ٤یان خەڵكی مەدەنی بوون، لەگەڵ ٤ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و ٣ نیزامیی سووریە كوژران.
كاربەدەستێكی دەوڵەتی سووریە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندوە كە بۆردومانی ئاسمانیی حەسەكە، پەیامێكە بۆ كوردانی ئەم وڵاتە كە یەكیەتیی خاكی ئەم وڵاتە نەخەنە مەترسییەوە. ئەو هەروەها دەڵێ كوردەكان نابێ بەدوای خەیاڵی خاوی خودموختاری بكەون.
شایانی باسە كوردانی ڕۆژاوا سەدی 15ی حەشیمەتی سووریە پێك دێنن. ئەوان کە لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا بە قازانجی هیچ لایەک نەجووڵابوونەوە، لە بەهاری ئەمساڵەوە هەرێمێکی خودموختاریان لە ڕۆژاوای کوردستان ڕاگەیاندوە.