محەممەدئەمین ئاگووشی، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی تەورێز مانی لە خواردن گرتوە و دەمی خۆی دووریوە.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، محەممەدئەمین ئاگووشی حەوتوویەکە مانی لە خواردن گرتووە و لێوەكانی دووریوە و بەرپرسانی زیندانیش لە کاردانەوە بەو دۆخە ناوبراویان لە قەرەنتینەی بەندی تایبەت بە “ڕووحانییەت” كردوە.
حەوتوویەك لەوەپێش حەمەدەمین ئاگووشی داوای مەرەخەسیی لە بەرپرسانی زیندان كردبوو، بەڵام سەرەڕای پێنەدانی مەرەخەسی بێڕیزی و سووكایەتییان پێكردبوو، ناوبراویش سەبارەت بەو ڕەفتارە نامرۆیانە دەمی دووریوە و مانی لە خواردن گرتوە.
محەممەدئەمین ئاگووشی لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٨٦ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ هەرێمی كوردستان دەسبەسەر كرا. ناوبرا سەرەتا حوكمی ئێعدام لە ڕێگەی تیربارانی بەسەردا سەپا. حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە دیوانی بەرزی وڵاتدا و پاش تێهەڵچوونەوە بۆ ١٠ ساڵ زیندان لە دوورخراوەیی داشکا.
ناوبراو ماوەی ٩ ساڵ زیندانییەکەی تا ئێستای لە بەندیخانەکانی ورمێ، زاهیدان و تەورێزدا کێشاوە.