دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بوونە قوربانیی سیاسەتی کوردکوژیی کۆماری ئیسلامی.
بەپێێ ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ کاسبکارێکی خەڵکی گوندی “هێیە”ی شنۆ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا.
خالید بەنگینی، کوڕی مام زەینەددین کە لە خاڵە سنوورییەکانی کێلەشین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و بە کاسبکاری لە ناوچە سنوورییەکان بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی دابین دەکرد.
رۆژی سێ شەممە، ٢٦گەلاوێژیش كاسبكارێكی خەڵكی گوندی تفڵی سەر بە شاری سەوڵاوا بە ناوی “ئازاد” لە لایەن هێزە ئینتزامیەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لە سنووری نەوسود تەقەی لێكرا و بە سەختی بریندار بوو.
ئازاد ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
کوژران و برینداربوونی ئەو دوو کاسبکارە لە سەوڵاوای مەریوان و شنۆ لە حاڵێک دایە کە سێ رۆژ پێش ئێستا و لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی گەلاوێژیش لە سنووری گۆڕجۆ لە دۆڵەبیی مەریوان کۆڵبەرێک بەناوی هادی مینوویی کەوتە بەر دەسترێژی هێزە چەکدارەکان و کوژرا.
“هادی مێنوویی”ش خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بوو.
شایانی باسە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.