دەوڵەت دەڵێ پڕۆژەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە سنوورییەکانی ئێرانش هەر بە سپای پاسداران دراوە. فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا دەڵێ ئەو ناوەندە بایی زیاتر لە ١٢٦ هەزار میلیارد تمەنی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە بە دەستە.
ئوبولفەزلی رەزەوەی، بریکاری پەرەپێدان ناوچە بێبەشکراوەکانی ئێران باس لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان دەوڵەت و سپای پاسداران بۆ دروستکردنی تەعاونییەک لە ٧ پارێزگای سنووریی ئێرانی کردوە.
دەوڵەت دەڵێ مەبەست لەو تەعاونییە کار بۆ بووژاندنەوەی ئەو ناوچانە و کەمکردنەوە لە نرخی بێکاری لەو شوێنانەیە، بەڵام کارناسانی سیاسی دەڵێن سپا لەو پڕۆژانە بە مەبەستی ئەمنیەتی کەلک وەردەگرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامیی ئێران نرخی بێکاری لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران زیاتر لە ناوچەکانی دیکەیە. کرماشان، سنە، سیستان و بەلوچستان و خوزستان چەند پارێزگایەکن کە زۆرترین نرخی بێکارییان لە ئێراندا هەیە.
دەوڵەت و سپای پاسداران لە کاتێکدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە ساغ بوونەتەوە کە چالاکییە ئابوورییەکانی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا کاردانەوەی توندی خەڵک و چالاکانی ئەو ناوچانەی لێ کەوتۆتەوە.
چالاکانی سیاسیی کورد و بەلووچ دەڵێن سپا لە ژێر ناوی پڕۆژە و بەرنامەکانی ئاوەدانکردنەوە هەژاریی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە قازانجی ئامانجە سیاسی و ئەمنیەتییەکانی خۆی دەقۆزێتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا و هەر لەو پێوەندییەدا “نوای آبیدر” باسی لە پێدانی بازاڕچە سنوورییەکانی کوردستان بە سپای پاسداران کردوە. ئەو هەواڵە دوای ئەوە دێ کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەوڵەت رێگریی زیاتری خستۆتە بەردەم هاتوچۆ و کاری کۆڵبەران. شوڕای بەرزی ئەمنیەتی میللیی ئێران پێش لەوەش ئەمنیەتی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی بە سپای پاسداران دابوو.
لە هەواڵێکی دیکەدا لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییە ئابوورییەکانی سپای پاسدران، سەرۆکی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند کە بایەخی ماددیی ئەو ٦٥ پڕۆژەیەی لە ئێستادا دراوەتە ئەو کارتێکە ئابوورییەی سپا، زیاتر لە ١٢٦ هەزار میلیارد تمەنە.
شایانی باسە چالاکییە ئابوورییەکانی سپای پاسداران لە کاتێکدا زیاتر بووە کە حەسەن روحانی، سەرکۆماری ئێران پێش هەڵبژاردنەکان و لە بانگەشەکانی خۆیدا گوتبووی سنووردارکردنی چالاکیی ئابووریی هێزە چەکدارەکان یەک لە بەرنامەکانی ئەو دەبێ، بەڵام لە سێ ساڵی ڕابردوودا لەو بارەشەوە یان هیچی لە دەست نەهاتوە یان نەیویستوە ئەو بەڵێنەشی بباتە سەرێ.