عەزیز ناسری، مامۆستایەکی قوتابخانەکانی مەریوان بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن لە کارەکەی دەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردتسان، عەزیز ناسری، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایان بە تۆمەتی “بانگەشە دژی نیزام” لە وانەگوتنەوە لەو وەزارەتخانەیە بێبەش کراوە.
عەزیز ناسری لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی کە بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام” و “پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان” دەریان کردوە و ئەو بڕیارەش یەکلا بۆتەوە و نەگۆڕە.
عەزیز ناسری، ساڵی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی ئێعترازیی مامۆستایان کە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە بێبەشی لە مافەکانیان لە زۆربەی شارەکانی ئێران وەڕێخرابوو، ڕەخنەی توندی لە کەمتەرخەمیی دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی بە نیسبەت بارودۆخی توێژی مامۆستا و فەرهەنگییەکانی وڵات گرتبوو.
عەزیز ناسری کە پێشتریش چەند جار بانگ کراوەتە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەسبەسەر کراوە، لەگەڵ ئەوەی مامۆستای قوتابخانە بوو، هاوکات یەکێک لە شاعیر و وەرگێڕەکانی شاری مەریوانیشە و کۆمەڵێک بەرهەمی چاپکراوی هەیە.