دایکی کاک محێدین شەریفزادە لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ دایە ئامینە موسلیمدۆست، تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک محێدین شەریفزادە لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
دایکە ئامینە یەکێک لەو دایکە نێشتمانپەروەر و تێکۆشەرانەی گەلەکەمان بوو کە بە درێژایی تەمەنی و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بیری لای گەل و نیشتمان و پێشمەرگە بوو. ئەو خۆشەویستی نێو کۆمەڵانی خەلک و جێی بڕوا و متمانەی ناسیاوانی بوو. گەلدۆستی و خۆشەویستی و هەستی بەرزی ئەو بەرامبەر بە نیشتمانەکەی بووە هۆی ئەوەی کە تاقانە کورەکەی واتە کاک محێدین، کە تاقانە برای ٦ خۆشک بوو، هەر زوو هەست بە چەوسانەوەی گەل و نیشتمانەکەی بکا هەر و لە ڕۆژانی سەرەتای خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان دژ بە ڕژیمی تێرۆریستی ئیسلامی ئێران، تێکەڵ بە شۆڕش و خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ببێ.
دایکە ئامینە وەک دایكیکی چاوەڕێ کە هەموو ئاواتی شاد بوونەوەی بە کوڕە تاقانەکەی بوو، هەموو شاخ و دۆڵ و گوندەکانی کوردستانی بە پێیان دەپێوا و لە هەر بن بەرد و لاپاڵێک دەرفەتی هەبا خۆی دەگەیاندە کوڕە پێشمەرگەکەی. بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئاواتە لە مێژینەکەی وەدی بێ.
ناوەندەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە ئامینە بە تایبەت کاک محێدین شەریفزادە دەکا و خۆمان بە شەریکە خەمیان دەزانین.