بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای ورمێ دەڵێ پارێگای ورمێ لە ڕووی شوێن و جێوڕێ بۆ خوێندنی قوتابییان کەمایسیی زۆری هەیە. ئەو دەلێ هەرنەبێ ٥٠٠٠ پۆلی نوێی خوێندنمان بۆ دەسپێکی ئەو ساڵی خوێندن کەمە.
فەرەیدوون سەید مستەفەوی لە شوڕای پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای ورمێدا ئەو کەمایسییەی بە کێشەیەکی جیددی لەبەردەم دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندندا ناو برد و ئەو ئیدارەی پێویستیی بە بودجەی زۆر بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هەیە.
ئەو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو باسە گوتی کە ئەمساڵ ٨٠٠٠ کەس لە پارێزگای ورمێ لە خوێندن دابڕاون و زیاتر لە ٣٢٠ قوتابخانەی غەیرە ئینتفاعیش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
پێشتریش فەریبۆرز ئسماعیلزادە، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنكردنەوەو پۆشتە كردنی خوێندنگەكانی ورمێ گوتبووی کە بەهۆی كەمیی بودجە و ئیعتیبار نەمانتوانیوە بەڵێنییەكان بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی خوێندنگەكانی ئەم پارێزگایە ببەینە سەرێ.
ناوبراو پاییزی ساڵی ڕابردووش گوتی کە لە ٤ هەزار و ١١ پۆلی دەرس خوێندنی ئەم پارێزگایە کە پێویستییان بە چاککردنەوەیە، تەنیا ٨٦٠ پۆلیان نۆژەن کراونەتەوە و بۆ ئەوانی دیكە چاوەڕێی تەرخان كردنی بوودجەی پێویستن.
شایانی باسە كەمیی شوێنو کەشی پەروەردەییو فێرکاری لە پارێزگای ورمێ لە حاڵێك دایە كە ئەم پارێزگایە وێڕای پارێزگاكانی سنە، سیستان و بەلووچستان و كرمان زۆرترین ڕێژەی كەسانی نەخوێندەواری لەخۆ گرتووە.