محەممەدجەواد لاریجانی وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕێككەوتنی ناوكیی نێوان ئێران و کۆمەڵگای جیهانی پێشبینیی ئەوەی كردوە كە گەمارۆی زیاتر لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێدا بێ.
محەممەدجەواد لاریجانی، تیئوریسیەنی جەناحی ئوسولگەرا و سەرۆكی ستادی بەناو مافی مرۆڤی سەر بە دەزگای قەزایی بە سایتی “تەسنیم”ی گوت: بەرجام بەپێی “فەكت شیت” ئامریكاییەكان دەڕواتە پێش و بە كردەوەش جێبەجێی كردوە.
محەممەدجەواد لاریجانی دەوڵەتی بەوە تاوانبار كردوە كە بۆچی لە وتووێژەکاندا باسی “براوە بە براوە”ی كردوە، لە حاڵێكدا كە ئێران بە بڕوای ناوبراو لە سەر حەق بووە و لایەنەی بەرامبەر واتە ڕۆژاوا كەڵەوەكێشیی كردوە و براوە بە براوە بۆ هەردووكیان مانای نییە.
محەممەدجەواد لاریجانی هەروەها بە بێ ئاماژە بە ناوڕۆكی وتووێژی ناوكی و پشكی كۆماری ئیسلامی لەم وتووێژانەدا بكا گوتی كۆماری ئیسلامی تێچووی زۆر قورسی بۆ ئەم ڕێككەوتنە داوە.
ناوبراو لە هەمان كاتدا دەڵێ ئەگەر وتووێژی ناوكی و رێککەوتنی نەبا هێرش نەدەکرایە سەر ئێران. ئەو ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە دەڵێن ئەگەر ئەو سازانە نەبا شەڕ دەکرا. لاریجانی دەڵێ بە پێچەوانە ئێستا دوژمن ئێشتیای زیاتری بۆ هێرشی نیزامی هەیە، چونکی دەزانێ چالاکییە ئەتومییەکانی ئێران ڕاگیراوە.
ناوبراو وەک ڕاسپاردە بە دەوڵەت دەڵێ كە ئێران پێوستە بە نهێنی بەرنامەی ناوكیی خۆی هەبێ.