هێزە چەکدارەکانی رێژیم لە شاری مەریوان کۆڵبەرێکی دیکەی کوردیان کوشت و شین و شەپۆریان خستە ماڵەکەی.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ لە سنووری گۆڕجۆ لە دۆڵەبیی مەریوان پۆلێک کۆڵبەر کەوتوونەتە بەر دەسترێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و یەک لەواب بە ناوی هادی مینوویی بەرکەوتووە و کوژراوە.
هادی مێنوویی خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بوو. ئەو کەسێکی زەحمەتکێش و خۆشناوی گەڕەک و شارەکەی بوو کە بە کۆڵبەری ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی هەڵدەسووڕاند.
کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە حاڵێک دایە کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەرنەبێ ٥٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون، هەروەها ڕەوتی کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە مانگی گەلاوێژیشدا درێژەی بووە.