ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد رێگری لە دەرمان و چارەسەریی نەخۆشیی زیندانییەکی سیاسی دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد جەماڵ قادرنژاد، زیندانیی سیاسی کوردی بەندکراو لە بەندیخانە مەهاباد پێویستیی بە چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندانە، بەڵام لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات کاربەدەستانی زیندان لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە خۆ دەبوێرن.
جەماڵ قادرنژاد لەکاتی دەستبەسەرکراندا لە زیندانی ئیتلاعات تووشی ئازار و ئەشکەنجەی ڕووحی و جەستەیی بووە تا جێگایێک کە دوو مۆرەی پشتی لە جێ چوون و تووشی دیسکی کەمەر بووە و ئێستاش گورچیلەکانی بەردیان هێناوە و بەهۆی نەناردنی بۆ نەخۆشخانە گورچیلەکانی چڵکیان کردوە.
جەماڵ قادرنژاد تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی ئاوایی حاجی حەسەن سەر بە شاری میاندواوە تا ئێستا دووجار لە ساڵانی ١٣٧٨ بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە زیندانەکانی مەهاباد و ورمێدا بەند کراوە و ١٣٩١ سەر لەنوێ گیراوە و بۆ ماوەی٥ساڵی دیکە حوکم دراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا تەنیا جارێک مەرەخەسیی دراوەتێ.