عەمەلیاتی ئاسمانیی بەرەی هاوپەیمان بە ڕێبەریی ئامریكا دژی گرووپی ئیسلامیی داعش پێی لە سێهەمین ساڵی خۆی نا.
داعش لە ساڵی ڕابردوودا بەشی هەرە زۆر و گرینگی ئەم شوێنانەی كە داگیری كردبوون لەدەست دا و، لە ئێستادا لە هەموو لایەكەوە لە ژێر فشار دایە. بەپێی ئامارەكان وڵاتانی بەرەی هاوپەیمان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا زیاتر لە ١٤٣٠٠ جار مۆڵگەکانی داعشیان بۆمباران كردوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە ٢٥٠٠ كەس لە شەڕكەرانی داعش لە هێرشی فڕۆكەكانی هێزی ئاسمانیی وڵاتانی بەرەی هاوپەیماندا كوژراون، بەڵام ئەم وڵاتانە تەنیا ٤ كەسیان لە شەڕی داعشدا كوژراوە.
لە ساڵی ٢٠١٦ دا ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی وڵاتانی بەرەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبوویەوە. لە نێو ئەم وڵاتانەدا زۆربەی هێرشە ئاسمانییەكان لە ئەستۆی ئامریكا بووو و ئەم وڵاتە سەدی ٩٥ هێرشەكانی بۆسەر سووریە و سەدی ٦٨شی بۆسەر عێراق ئەنجام داوە.