ژیانی سەڵتی، زەماوەندی سپی و بەرزبوونەوەی تەڵاق و دابەزینی پێكەونانی ژیانی هاوبەش كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەگشتی نیگەران كردوە.
بەپێی ئەم ئامارە كە ڕاگەیەنەكان بە ڕەسمی دەزانن، هەر ئێستا ژنانی سەڵت یەك میلیۆن لە پیاوانی سەڵت زیاترن. هەڵبەت لەم ئامارەدا تەمەنی عەقڵیی پێكەونانی ژیانی هاوبەش بۆ كچان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٥ ساڵ و لە نێو كوڕانیشدا ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵ دیاری كراوە. سایتی “جمهورییەت” دەنووسێ ٤ تا ٦ میلیۆن قەیرە كچ لە ئێراندا ماونەتەوە.
ئەم سایتە مەزندەی ئەمە دەكا كە ئەگەر دامەزاروە پێوەندیدارەكان و ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بەرنامەی بەرزكرنەوەی حەشیمەت جێبەجێ نەكا، لە ساڵی ٩٧ ڕێژەی پیاوان لە تەمەنی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش دوو میلیۆن لە ژنان زیاتر دەبن.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە هەر ئێستا لە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ١١ میلیۆن كچ عازەب و لە سەروەختی پێكهێنانی ژیانی هاوبەشن.
كۆمەڵناسان دەڵێن، بەرزبوونەوەی تەمەنی پێكەونانی ژیان بە تایبەت لە نێو ژناندا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لاوان ڕوویان لە خوێندنی باڵا لە زانکۆکان كردوە و دواتریش داڵغەی بازاڕی كار و شوغڵ و هەوڵەكانیان بۆ باشبوونی ئاستی ژیان لێیان ناگەڕێ.
لە لایەكی دیكەوە هەلومەرجی نالەباری ئابووری، بێكاری و گەشەی تەڵاق كاریگەرییان لەسەر ژیانی سەڵتیی لاوانی ئێران هەیە.