ئیرەج حەریرچی، بریکاری وەزیری بێهداشتی ئێران گوتی باش نەخۆشییەكانی دڵ و هەناو، ڕووداوی هاتوچۆ و شێرپەنجە، خەمۆكی و ئیعتیاد چوارەمین هۆكاری مردن لە نێو خەڵكی ئێرانە.
ناوبراو هەروەها دەڵێ بەپێی ئامارەكان ڕۆژانە ٨ كەس تا ١٠ بە هۆی ئیعتیادەوە دەمرن.
بریکاری وەزیری بێهداشتی ئێران ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ لە پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی سەدی ٦٥ی ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی ئیدز هاتوون ئەم كەسانەن كە مادەی هۆشبەر بەكار دێنن. سەدی ٥٠ی تووشبووانی مادەی هۆشبەر بە دەرزی تووشی نەخۆشیی هێپاتیتی Cی هاتوون و سەدی١٤موعتادانی تەزریقی نەخۆشیی ئایدزیان هەیە.
ناوبراو دەڵێ بەكارهێنانی تریاك هۆكاری سەرەكیی شێرپەنجەكانی مێری، سیپەلاک، مێعدە، مەسانە و قوڕگە و هەروەها دەڵێ سەدی٥٠ی ئەو كەسانەی لە بەندیخانە دەكرێن مادەی هۆشبەریان بەكارهێناوە و هەروەها سەدی ٢٧ ی تەڵاقەكانی ئێران پێوەندیی بە مادەی هۆشبەر و ئەڵكۆڵەوە هەیە.
حەریرچی هەروەها لەبارەی بارودۆخی خراپی بەندیخانەكانی ئێران دەڵێ ڕاستییەكەی ئەمەیە كە هۆكاری سەرەكیی ئەو دۆزە ژمارەی زۆری بەندییەکان و پڕحەشیمەتبوونی بەندیخانەكانە.
ئەو دەڵێ لەسەر ئەم باوەڕەم كە گرینگترین ڕێكاری چارەسەریی گیروگرفتی بێهداشت و دەرمانی لە بەندیخانەكان، كەمكردنەوەی ژمارەی بەندكراوان و پێشگرتن بە هاتنیان بۆ نێو بەندیخانەكانە.
ناوبراو پێداگریی كردەوە كە هێندێك لە بەندكراوان نەخۆشن و كاتێك كە دەچنە دەرێ نەخۆشییەكەیان بۆ كۆمەڵگە و بنەماڵەكانیشیان دەگوازنەوە.