کاربەدەستانی زیندان بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ناردنی كەماڵ شەریفی، بەندكراوی سیاسیی كورد لە زیندانی میناب بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆ دەبوێرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ لە كوردستان، كەماڵ شەریفی لە زیندانی میناب، ماوەیەك لەوەپێش بە هۆی ددان ئێشە و جارێكی دیكەش بە هۆی نەخۆشیی دەزگای هەرەس و ڕیخۆڵە بۆ ناوەندی پزیشكیی زیندان گواستراوەتەوە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی پزیشک بۆ چارەسەرکردنی لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان ئەو مافەی پێ نادرێ.
کێشەی هەرەس و نەخۆشیی ڕیخۆڵەی ئەم بەندكراوە تەمەن ٤٣ ساڵەیە لە ساڵی ٨٧وە بەردەوام بووە و بەدوای مانگرتن لە خواردنی درێژماوە تووشی ئەم نەخۆشییە هاتووە. ناوبراو بەم نەخۆشییەوە لە نێو بەندی زیندانیانی عادی و ماددەی هۆشبەردا ڕاگیراوە و تا ئێستا تەنیا یەك جار چاوی بە دایكی كەوتووە. ناوبراو لە كاتی مردنی باوكیشیدا لە زینداندا بوو و مەرەخەسیان پێنەدا كە بۆ دوایین جار جاوی بە باوكی بکەوێ.
بەم پێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم بەندەی كە كەماڵ شەریفیی تێدا ڕاگیراوە هەر چەند ڕۆژێك لەناكاو كۆمەڵێك لە زیندانبانەكان بە پۆتین، شۆكی بەرقی و باتووم و بە بیانوووی بوونی مادەی هۆشبەر، چەقۆ و موبایل خۆیان لەپاڵ داوێن و ڕووتیان دەكەنەوە و كەلوپەلەكانیان لێ لێكدەدەن.
كەماڵ شەریفی كوڕی بایز ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ٨٧ لە ماڵی یەكێك لە ڕەفیقەكانی خۆی لە شاری سەقز گەمارۆ درا و لە لایەن هێزی ئینتزامی دەسترێژی لێکرا و پاشان دەسبەسەر کرا. ئەو پاشان لە لایەن دادگای شۆڕش لە شاری سەقز بە سەرۆكایەتیی قازی شایەق حوكمی ٣٠ ساڵ زیندان لە دوورخراوەیی بەسەردا دەسەپا و بەڕێی زیندانی میناب کرا.