بنەماڵەی هاووڵاتییەكی كورد لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە لایەن حیفاوەتی ئیتلاعاتی هەنگی سنووریی سپای پاسداران تەقەی لێدەكرێ و پاشان هەڕەشەی لێدەكرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ لە كوردستان، بنەماڵەی ڕەزا ئایینی، خەڵكی ئاوایی چریك ئاوای مەرگەوەڕی ورمێ لە لایەن حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڕەشەی لێكراوە كە نابێ هیچ میدیا و دەزگایەكی ڕاگەیاندن بە برینداربوونی كوڕەكەتان بزانێ.
ڕۆژی شەممە ٢٣ی گەلاوێژ ڕەزا ئایینی لە ناوچەی سنووری مەرگەوەڕ سەربە شاری ورمێ لە حاڵێكدا بۆ سەردانی ئاشنا و خزمانی لە ناوچە کوێستانییەکان چووبوو، لە كەمینی هێزە چەكدارەكانی سەربە هەنگی سنووریی سپای پاسداران دەكەوێ و بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار دەبێ.
ئەم كەسە مەدەنییە كە هیچ بار یان شتێكی قاچاغی پێنەبووە ٣ گولەی بەر سمت و زگی دەكەوێ و بە توندی بریندار دەبێ.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژی ڕابردوو هێزەكانی حیفازەتی سپای پاسداران لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێش بەجێیان نەهێشتووە و بە بنەماڵەكەیان ڕاگەیاندوە کە دوای وەهۆش هاتنەوەشی بە هیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نییە لەگەل هیچ میدیا و دەزگایەكی ڕاگەیاندنی بیانی یان نێوخۆیی قسە بکا و ئەگەر پێچەوانەكەی بێ تووشی کێشەیان دەکەن.