كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان دەڵێن لە ڕۆژی یەكشەممەوە ٢٤ی گەلاوێژ، هێرشی نوێی هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی گرتنەوەی شاری موسڵ دەستی پێكرد.
موسڵ گەورەترین شاری ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی ئیسلامی وتە داعش لە ٢ وڵاتی سووریە و عێڕاقە، نزیك بە ٢ میلیۆن كەس لەم شارەدا دەژین.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز رایگەیاندوە كە هێرشی پێشمەرگە بۆسەر ناوچە و دەورووبەری شاری موسڵ، پاش گولەبارانكردنی قورسی سەنگەرەكانی داعش و بۆمبارانی هەوایی لە لایەن فڕۆكەكانی بەرە بە ڕێبەریی ئامریكا دەستی پێكرد.
ئەم ڕاپۆرتە باس لە كاردانەوەی توندی داعش بەم هێرشە دەكا و فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەڵێ ئێستا ٦ ئاوایی لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش دەرهاتۆتەوە.
هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێسیش لە زمان هێزی پێشمەرگەوە دەڵێ مەبەست لەم عەمەلیاتە، گرتنەوەی ئاوایی و ناوچەكانی دەورووبەری شاری موسڵ بۆتەنگە پێهەڵچنین بە هێزەكانی داعش و تەسککردنەوەی ئاڵقەی گەمارۆکانی دژی ئەوانە.
لەلایەکی دیکەوە هێزی نیزامیی سەربە دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش لە دەوروووبەری شاری موسڵ لە حاڵەتی ئامادەباشی دان.
شاری موسڵ لە هاوینی ساڵی ٩٣لە ناكاو لە لایەن داعش دەستی بەسەر داگیرا.
ئەبووبەكر بەغدادی، خەڵیفەی دەوڵەتی ئیسلامی، بە خێرایی لەم شارە خەڵافەتی ئیسلامیی خۆی ڕاگەیاند و داوای لە موسڵمانان كرد بەیعەتی لەگەڵ بكەن.