بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی مهاباد، ئەندامێکی کۆنی یەکیەتیی لاوان کە بە رەگەز عەرەب بوو، گیانی لە دەست دا.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە بەندیخانەی شاری مهاباد، زیندانییەک بەناوی “ئەمیر عەینالوو” ناسراو بە “ئەمیر عەرەب”، تووشی ئازاری دڵ دەبێ و دۆخی تەندروستیی تێک دەچێ و هاوکات بەرپرسانی زیندان لە دۆخی مەترسیداری تەندروستیی خۆی ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام بەهۆی گوێنەدانی بەرپرسان و کەمتەرخەمییان لە پەلەکردن و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لە دەست دا.
ئەمیر عەرەب بە رەگەز عەرەبێکی شیعە مەزهەبی عێراقی بوو و دوای ئەوەی کە حکوومەتی ئەو کاتی عێڕاق لە ساڵی ١٣٥٤ی لە عێراق دووریان دەخاتەوە، بە بنەماڵەوە لە شاری مهاباد جێگیر دەبن و زۆر زوو خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی و هاوگەڕەکییەکانی خۆیان دەگونجێنن و هەر ئەو تێکەڵاوێیە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ بەرگری لە ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد، ئەمیر عەرەب تێکەڵ بە ریزەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بێ و چالاکییەکانی خۆی لەو رێکخراوەی نزیک لە حیزبی دێموکراتدا دەست پێ بکا.
هەر ئەو چالاکییانەی ناوبراو دەبێتەوە هۆی ئەوەی کە لە لایان هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ماوەی ٦ ساڵ واتە لە ساڵی ١٣٦٠ هەتا ١٣٦٦هەتاوی، لە بەندیخانەی دەریای شاری ورمێ لەگەڵ پۆلێک لە تیکۆشەرانی دیکەی کورد دەستبەسەر بکرێ.
ناوبراو کە کاسبکار بوو، لەم دواییانەدا بە تاوانی هێنان و بردنی باری قاچاغ گیرابوو کە لە زینداندا گیانی لە دەست دا.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە هەر ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، لە رێوڕەسمێکی شایاندا بە بەشداری خەڵکێکی زۆر لە دانیشتووانی شاری مهاباد، ناوبراو لە گۆڕستانی گشتیی ئەو شارەەوە بە خاک ئەسپێردرا.