بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕاگەیەنە ناوچەییەکان لە کوردستان بۆیان نییە هەواڵی پێشێکردنی مافی مرۆڤ، کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران بە تایبەت ئێعدامەکان ڕووماڵ بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە فەرمانداری ورمێ بۆ راگەیەندکاران و میدیاکارانی ناوچە سنوورییەکان پێکهاتبوو، پێیان ڕاگەیەندرا کە میدیا ناوچەییەکان بۆیان نیە بەهیچ شێوەیەک باسی ئێعدامەکان، گرتن و حوکمدرانی زیندانییە سیاسییەکان و هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پرسی مافی مرۆڤ بکەن.
جێگری سیاسی پارێزگاری ورمێ لەو کۆبوونەوەیەدا گوتویەتی کە بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکان تەنیا دەتوانن پشت بە سایتی ” میزان” ماڵپەڕی ڕەسمیی دەزگای قەزایی ببەستن.
نوێنەری فەرمانداریش گوتویەتی کە میدیا ناوچەییەکان تا ئێستا بە بلاوکردنەوەی هەندێ هەواڵ بیانووی باشیان بە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرش و تەبلیغات لە دژی رێژیم داوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کەسان و میدیاکانی سەر بە رێژیم ڕێزیان لێگیراوە و خەڵات کراون.