هادی شه‌ریعه‌تی، مافناس و چالاكی مافی منداڵان دەڵێ خۆكوژیی منداڵان گه‌یشته سنووری سووری مەترسی و پێویستە کاربەدەستان بە خۆیاندا بێنەوە.
هادی شه‌ریعه‌تی، منداڵ ئازاری، فشار و ئیجبارەکانی سیستمی فێركردن، به منداڵی بەشوودان یان ژن‌بۆهێنان، لاساكردنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كانی ئاشكرای ئێعدام، هه‌ژاری، بێعه‌داڵه‌تی، دابه‌شكردنی نایه‌كسانی سه‌روه‌ت و سامان به تایبه‌ت له شاری سنوورییه‌كانی به هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی خۆكوژیی منداڵان و مێرمنداڵان له ئێران ناو بردوە.
ناوبراو لە درێژەدا ده‌ڵێ هێندێك قانوونی ئێران بۆ نموونه ماده‌ی ١١٧٩ قانوونی مه‌ده‌نی رێگە بۆ خۆكوژیی منداڵان خۆش ده‌كا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ماده‌یه ئیزن به دایك و باوك ده‌دا منداڵەکەیان سزا بده‌ن و کەسیش لەوە ناپرسێتەوە.
ئه‌م چالاكه‌ی مافی منداڵان له هه‌مان كاتدا پشتڕاستی كرده‌وه كه چه‌ند ساڵه مه‌جلیسی شورای ئیسلامی له په‌سندكرانی لایه‌حه‌ی پشتیوانی كردن له منداڵان خۆی دەبوێرێ و وه‌زاره‌تی فێركردن و په‌روه‌رده‌ش ئیزن نادا كه ڕاوێژكارانی منداڵ پێ له قوتابخانه‌كان بنێن.
نادر مه‌نسوور كیانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌فته‌ری زیانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌زاره‌تی فێركردن و په‌روه‌ردەش، باسی له به‌كارهێنان دوخانیات، ماده‌ی هۆشبه‌ر، ده‌رمانه ڕه‌وانكه‌ره‌كان و به تایبه‌ت خۆكوژی وه‌ك باوترین زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران له نێو منداڵاندا كردوە.