جێگری سەرۆکی مەجلیس لە کاردانەوە بە هێرشە میدیاییەکانی دژبەری حەسەن ڕوحانی بۆ سەر ناوبراو جارێکی دیکەش پەلاماری ئوسولگەراکانی دایەوە و گوتی: لە ماوەی ٨ ساڵدا هەموو ئەو وڵاتەیان کێڵا و دار وبەردیان پێک دادا و کەس نەیوێرا هیچ بڵێ، ئێستا قەرزداریشین؟
مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەی ماڵی چاپەمەنییەکان لە تەورێز هێرشی کردە سەر ئەحمەدینژاد و شێوەی ئیدارەی وڵات لەلایەن ئوسولگەراکان و گوتی: لەو ٨ ساڵەدا بەڵا نەما بە سەر ئەو خەڵکە و ئەو وڵاتەی نەهێنن، کەچی ئێستا بیریان هاتۆتەوە کە بۆچی گرانی و بێکاری و ئاوسان هەیە.
نوێنەری تەورێز لە مەجلیس گوتی: زگم بە ڕوحانی و دەوڵەتەکەی دەسووتێ، ئەحمەدینژاد ٨٠٠ میلیارد دۆلار پووڵی نەوتی بە با دادا، کەچی ئێستا لە روحانی و دەولەتەکەیان هەڵپیچاوە و هێشتا پێیان وایە خەڵک و دەوڵەت پێشیان قەرزدارن.
جێگری سەرۆکی مەجلیس داکۆکی لە کارنامەی دەوڵەت و یەک لەوان رێککەوتنی ئەتومی کرد و گوتی: دێن دەڵێن بەرجام قازانجی نەبوە، بەڵام ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەدەبوو ئێستا دەبوو بۆ نان و پێخۆریش موحتاجی دنیای دەرەوە باین.